ڕووسیا: ئەسەد بڕیاریدا پۆستەکەی جێبهێڵێت و دوای دانوستان وڵاتەکەی بەجێهێشت

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت" بەشار ئەسەد بڕیاریدا پۆستەکەی جێبهێڵێت و دوای دانوستان وڵاتەکەی بەجێهێشت"، دەشڵێت" وڵاتەکەی بەردەوامە لە پەیوەندیکردن بە هەموو کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریاوە". 

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ئەمڕۆ یەکشەممە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانیان لەبارەی دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر لەسەر بنەمای بڕیارنامەی (٢٢٥٤) دووپاتکردەوە کە بە کۆی دەنگ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندکراوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بڕیارنامەیە چوارچێوەی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا پێکدەهێنێت.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان. 

هەروەها ڕوونیشیکردووەتەوە، لە ئێستادا هیچ مەترسییەکی جددی لەسەر سەلامەتییان نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕوونیشیکردەوە کە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا دوای دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەشداربووانی شەڕی چەکداری بڕیاریدا پۆستەکەی جێبهێڵێت و وڵات بەجێبهێڵێت.

جەختیشیکردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخستنە سیاسییانەی کە لە ئێستادا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت هاتە ئاراوە.

ڕووسیا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوامە لە بانگەوازکردن بۆ هەموو لایەنەکانی سوریا کە دەستبەرداری توندوتیژی بن و پەنا بۆ چارەسەری سیاسی ببەن بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی حوکمڕانی، بەشێوەیەک بەشداربێت لە سەقامگیری وڵات و گەڕانەوەی ئاشتی بۆی.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فراکسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت و بەیاننامەی ژمارە (١)یان لە تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی سوریا پەخشکرد و کۆتایی بە ڕژێمی ئەسەد هێنا و دەستپێکی سەردەمێکی نوێیان بۆ سوریا ڕاگەیاند. 



PM:03:44:08/12/2024