پنتاگۆن: ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێنێتەوە

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، وەزارەتی بەرگری ئەمرکیا (پنتاگۆن) دووپاتیدەکاتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوە. 

دانیال شاپیرۆ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (پنتاگۆن)، ئەمڕۆ دووشەممە لە میانی کۆنفرانسی دیالۆگی ئاسایشی مەنامە لە پایتەختی بەحرەین، ڕایگەیاند" واشنتۆن ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعش لە سوریا".

هەروەها وتیشی" هێزەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوە و ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە". 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ئێمە درک بەوە دەکەین کە بارودۆخی پشێوی و دینامیکی لەسەر زەوی لە سوریا ڕەنگە بوار بە داعش بدات بۆ دۆزینەوەی توانای ئۆپەراسیۆن و پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان". 

هاوکات دانیال شاپیرۆ لە لێدوانەکەیدا دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، خەڵکی سڤیل و بەتایبەت کەمینەکان بپارێزن و پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بن.



PM:04:13:08/12/2024