دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ئێران داوای پێکهێنانی حکومەتێکی هەمەلایەنە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری کۆتاییهێنان بە تێکهەڵچوونە سەربازییەکان لە سووریا و دەستپێکردنەوەی دانوستانە نیشتمانییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر دەربڕی. 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" پێگەی پتەو و بنەڕەتی ئێران لە ڕێزگرتن لە یەکگرتووی و سەروەری و یەکپارچەی خاکی سوریا دووپاتدەکەینەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلی سوریا ئەوانەن کە چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری دەکەن، دوور لە هەر دەستوەردانێکی تێکدەرانە یان دیکتاتۆری دەرەکی. 

وەزارەتەکە دەشڵێت" تاران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ یارمەتیدانی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا، بەو پێیەی وڵاتێکی کاریگەرە لە ناوچەکەدا".

جەختی لەسەر" پێویستی کۆتاییهێنان بە پێکدادانی سەربازی لە سوریا و ڕێگریکردن لە تیرۆر و دەستپێکردنی دانوستانە نیشتمانییەکان" کردەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاندووە" سوریا بە قۆناغێکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت لە مێژووی خۆیدا، و زۆر گرنگە ئاسایش بۆ هەموو سوورییەکان و بیانییەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە دابین بکرێت".

هەروەها داوای بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا دەکات لە دانوستانەکان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی هەمەلایەنە کە نوێنەرایەتی هەموو گەلی سوریا بکات.

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە دەڵێت" ئێمە وەک پێشوو پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ دەکەین بۆ بەدواداچوونی چارەسەری سیاسی لە سوریا و دەبێت مامەڵەیەکی بنیاتنەرانە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین".



PM:05:03:08/12/2024