سێنتکۆم: چەندین بنکەی داعش لە سووریا بۆردومان کران

سێنتکۆم ڕایگەیاند: ئەمڕۆ چەندین بنکەی داعشیان لە ناوەڕاستی سووریا بۆردومان کردووە، جەختی لەوەش کردەوە،لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لەناوبردنی داعش.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی کانوونی یەکەم فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە ڕێگە نادەن داعش سەرهەڵبداتەوە و سوود لە دۆخی ناهەمواری ئێستای سووریا وەربگرێت.

باسی لەوەش کرا، پێویستە هەموو هێزەکانی سووریا ئەوە باش بزانن کە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت ئەگەر هاوبەشی یان پشتگیری داعش بکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە، ئەمڕۆ هێزەکانمان چەندین بنکەی داعشیان لە ناوەڕاستی سووریا بۆردومان کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە زیاتر لە ٧٥ ئامانجی پێکا بە بەکارهێنانی فڕۆکەکانی لە جۆری بی ٥٢، ئێف ١٥ و ئەی ١٠.

هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە، لە بۆردومانەکەدا پێناچێت هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل بووبێتە قوربانی، هەروەها سێنتکۆم لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ لەناوبردنی داعش.

ئەوەش لە کاتێکدایە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم لێدوانیدا دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دووپاتیکردەوە هێزەکانی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە سوریا دەمێننەوە.




AM:12:15:09/12/2024