سەرۆکایەتی کۆماری ڕووسیا (کرێملین) ڕایدەگەیەنێت" ئەوەی لە سوریا ڕوویدا، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هەموو جیهانی تووشی سەرسوڕمان کرد بە ڕووسیاشەوە". دەشڵێت" ئامادەکاری بۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی نێوان پوتین و ئەسەد نەکراوە".
ئەمڕۆ دووشەممە دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملین)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هیچ پلانێک نییە بۆ کۆبوونەوەی بەشار ئەسەد لە خشتەی فەرمی لەگەڵ سەرۆک پوتین".
ڕوونیشیکردەوە کە، پۆتین بەشێوەیەکی شەخسی بڕیاری پێدانی مافی پەنابەری بە بەشار ئەسەد لە ڕووسیا داوە.
پێسکۆڤ لە درێژەی قسەکانیدا وتی" سوریا ڕووبەڕووی قۆناغێکی ئاڵۆزی ناسەقامگیر دەبێتەوە و لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، هەروەها کارمەندە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سوریا هەموو کارێکی پێویست دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی بنکە سەربازییەکان".
لە کۆتاییدا وتیشی" دوای سەقامگیربوونی دۆخەکە لە سوریا، پلانمان هەیە سەبارەت بە بوونی بنکەکانی ڕووسیا لە داهاتوودا لەوێ لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکان تاوتوێ بکەین".