"ئیسرائیل دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد نزیکەی ٢٥٠ هێرش ئەنجامداوە"

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت" لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد سوپای ئیسرائیل نزیکەی ٢٥٠ هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی سوریا دەستپێکردووە". 

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە" ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووەوە تائێستا نزیکەی ٢٥٠ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاکی سوریا ئەنجامداوە کە لە ئەنجامدا گرنگترین شوێنە سەربازییەکانی سوریا لەناوچوون". 

ڕوانگە ڕوونیکردەوە کە ئەم هەڵمەتانە زۆربەی پارێزگاکانی سوریای گرتەوە و فڕۆکەخانە، کۆگاکان، فەوجەکانی فڕۆکە، ڕادار، وێستگەی سیگناڵی سەربازی، کۆگای چەک و تەقەمەنی، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی، هەروەها دامەزراوەیەکی بەرگری ئاسمانی و کەشتییە جەنگییەکانیان کردە ئامانج لە بەندەری لازقییە کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەوە. 

ڕوانگەی سوریا هەر لە ڕاپۆرتەکەیدا لیستێکی وردی ئەو ئامانجە سەربازییانەی خستەڕوو کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج و ئاماژەی بەوەدا کە لێدانی ئەو شوێنانە" لە چوارچێوەی لەناوبردنی ئەو چەکانەی کە لە کۆگاکان و پارچە سەربازییەکاندا ماونەتەوە لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی پێشووەوە کۆنترۆڵکرابوون، دێتە ئاراوە.



AM:09:12:10/12/2024