بەرپرسانی زیندانەکانی کۆریای باشوور ڕایدەگەیەنن" کیم یۆنگ هیون وەزیری بەرگری دەست لەکارکێشاوەی وڵاتەکەی لە ژووری زیندانەکەیدا هەوڵی خۆکوشتنیداوە".
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند" کیم کە دەستی لە پۆستی وەزیری بەرگری کێشاوەتەوە، پێش ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بەشێوەیەکی فەرمی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکات بە تۆمەتی یاخیبوون، هەوڵی خۆکوشتنی لەناو زینداندا داوە".
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە" وەزیری پێشووتر تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە کاتی یاخیبوونەکەدا و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە مومارەسەی مافەکان هەبووە".
کیم یۆنگ هیون وەزیری بەرگری دەست لەکارکێشاوەی کۆریای باشوور ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو دەستگیرکرا.
هەروەها هێزە ئەمنییەکانی کۆریای باشوور ڕایانگەیاندووە" ئەمڕۆ هەڵیانکوتایە سەر نوسینگەی یۆن سوک یۆل دوای هەفتەیەک لە هەوڵە شکستخواردووەکەی بۆ سەپاندنی یاسای سەربازی لە وڵاتەکەدا".