خامنەیی: ئەوەی لە سوریا ڕوویدا بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت" ئەوەی لە سووریا ڕوویدا، لەوانە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و کۆنترۆڵی کوتلە چەکدارەکان لە سەر دەستەڵاتی ئەو وڵاتە، بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامدراوە". 

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە بۆیەکەمجار هەڵوێستی فەرمی خۆی سەبارەت بە دۆخی سووریا ڕاگەیاند و وتی" نابێت هیچ دوودڵییەک هەبێت لەوەی کە ئەوەی لە سوریا ڕوویدا، دەرئەنجامی پلانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلە". 

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران وتیشی" ڕۆڵێکی ڕوون بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی سوریا هەیە، و ئێستاش یاری پێدەکات، ئەمەش ئەوەیە کە هەمووان دەیبینن، بەڵام ئەوانەی ئەوان فاکتەری سەرەکین". 

خامنەیی دەشڵێت" پیلانگێڕی سەرەکی و پلاندانەری سەرەکی و ژووری کۆنتڕۆڵی سەرەکی لە ئەمەریکا و ئیسرائیلە و بەڵگەمان لەسەر ئەوە هەیە کە ئەم بەڵگەیە هیچ بوارێک بۆ هیچ کەسێک بۆ گومان و دوودڵی ناهێڵێتەوە". 

پەیامەکەی ڕێبەری باڵای ئێران لە کاتێکدایە، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سووریا و بەیاننامەی ژمارە (١)یان لە تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی سوریا پەخشکرد و کۆتاییان بە ڕژێمی ئەسەد هێنا و دەستپێکی سەردەمێکی نوێیان بۆ سوریا ڕاگەیاند. 



AM:10:52:11/12/2024