ئێوارەی دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمار و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی سوریایان کرد.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەسنبۆگا لە ئەنقەرە، دوور لە چاویی ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەچوو.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و فەخرەدین ئاڵتون سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و ئاکیف چاگاتای کیلیچ ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا ئامادەی بوون.
دوابەدوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ناوەرۆکی ئەو گفتوگۆیەی بڵاوکردەوە کە لە نێوان ئەردۆغان و بلینکن تاوتوێ کراوە.
لە بەیاننامەکەدا ڕوونیکردەوە کە ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە تورکیا هەر لە سەرەتاوە پشتگیری لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و یەکێتی و پێکهاتەی یەکگرتووی سوریا کردووە.
ئەردۆغان هێمایی بۆئەوەشکردووە، تورکیا ڕێوشوێن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە بەرامبەر قەوارە "تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە، پەیەدە، یەپەگە و داعشی چالاک لە سووریا دەگرێتە بەر".
سەرۆک کۆماری تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" تورکیا وەک تاکە وڵاتێک لە ناتۆ کە ڕووبەڕووی داعش بووەوە، ڕێگری دەکات لە ڕێکخراوی پەکەکە و درێژکراوەکانی هەوڵی گۆڕینی دۆخی لە سوریا بۆ دەرفەت".
ئەردۆغان جەختی لەوەشکردەوە کە تورکیا هەرگیز ڕێگە بە هیچ لاوازییەک نادات لە شەڕی داعشدا.
هەروەها جەختی لەسەر پێویستی هەوڵدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بوژاندنەوە و بنیاتنانەوەی دامەزراوەکان لە سووریا کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" لە میانی دیدارەکەدا ئەردۆغان و بلینکن پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند کە" هەوڵەکانی تورکیا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن لە هەموو بوارەکاندا لە ماوەی داهاتوودا بەردەوام دەبێت".
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە" دیدارەکەی بلینکن لەگەڵ ئەردۆغان باس لە پرسەکانی هاوکاری بەهێزی ناوچەیی نێوان هەردوو وڵات و پشتیوانیکردنی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لە سوریا کردووە، هاوکات بلینکن باسی لە هاوکاری بەهێزی ناوچەیی نێوان ئەمریکا و تورکیا و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان کرد لە پاڵپشتیکردنی گواستنەوەی سیاسی بە سەرۆکایەتی سوریا بۆ حکومەتێکی لێپرسراو و گشتگیر".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە "پێویستی هەموو لایەنەکانی سوریا کراوە بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوون بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کەمینەکان".
هەر لە میانی دیدارەکەدا، بلینکن جەختی لە" پێویستی گەیاندنی هاوکاری بە ئاوارەکان لە سوریا، و گرنگی درێژەدان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش" کردەوە.