ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا فرانسوا بایرۆی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد.
نووسینگەی ماکرۆن، ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" بایرۆ ئەرکی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی پێ سپێردراوە".
بایرۆی تەمەن ٧٣ ساڵ، هاوبەشێکی گرنگی هاوپەیمانی ناوەندگەرای ماکرۆنە، ماوەی دەیان ساڵە کەسایەتییەکی ناسراوی سیاسەتی فەرەنسا بووە، هەروەها ئەزمونی سیاسی ئەو لە هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی سەقامگیریدا بە جەوهەری دادەنرێت، بەو پێیەی هیچ لایەنێک زۆرینەی ئەنجومەنی نیشتمانی نییە.
میشێل بارنیەر هەفتەی ڕابردوو دەستی لەکارکێشایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەنگدان بە لێسەندنەوەی متمانە کە لە ناکۆکییەکانی بودجەوە سەرچاوەی گرتبوو، لە ئەنجومەنی نیشتمانیدا دەستی لەکارکێشایەوە، بەمەش فەرەنسا بەبێ حکومەتێکی کارا مایەوە.
پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان داوایان لە ماکرۆن کرد دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات لە کاتی قەیرانی سیاسی و ئابوریدا، کە بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکراوە، بەڵام ماکرۆن ڕایگەیاند کە تا کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی ٢٠٢٧ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.