میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەی دوێنێی بۆ بەغداد ڕاستەوخۆ دوو پەیامی گرنگی بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گواستووەتەوە سەبارەت بەو کوتلە چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لە عێراق".
ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی شەفەق نیوز، لە زاری سەرەچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ڕایگەیاند" بلینکن لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ سودانی بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ پەیامی هەڕەشە ئامێزی لە واشنتۆنەوە گەیاندووە سەبارەت بە کوتلە چەکدارەکانی عێراق و ئایندەی ئەو کوتلانە و جموجۆڵەکانیان".
ئاماژەی بەوەشکرد، بلینکن" جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە هەموو هێز و ئیرادەیەکەوە کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە هەر کاریگەرییەکی ئەو کوتلانە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سنوور بەزاندنیان ئەنجامداوە بە لێدانی بنکە ئەمریکییەکان لە سوریا و بە ئامانجگرتنی ئامانجە جیاوازەکانی ناوخۆی ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بلینکن هۆشداری بە سودانی دا لەوەی ئەو کوتلانە لە قۆناغی داهاتوودا هەر چالاکیەکی سەربازی لە ناوخۆی سوریا ئەنجام بدەن، کە تاران پاڵپشتیان دەکات و ئەوا حکومەتی عێراقی لێپرسینەوە لە هەر ئۆپەراسیۆنێک دەکات کە ئەو کوتلانە ئەنجامی بدەن.
هەر بەپێی لێدوانی ئەو سەرچاوە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەسەر پێویستی کۆنترۆڵکردنی کوتلەکان و کارکردن بەشێوەیەکی ڕاستەقینە بۆ داماڵینی چەکیان لە قۆناغی داهاتوودا کردەوە، بەو پێیەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، نەک تەنها عێراق ڕۆڵیان هەیە لە کەمکردنەوەی ئەم کوتلانە لە ڕێگەی سزاکان و هەروەها ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکانەوە.
دوێنێ هەینی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتە بەغدای پایتەخت، لەو ماوەیەدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.