وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت" سوریا لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە لە ئەنجامی جموجۆڵەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان". دەشڵێت" هەڕەشەکانی ئەم گرووپانە وەک قاعیدە و داعش زیادیان کردووە".
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ سوریا بە تاقیکردنەوەیەکی سەختدا تێدەپەڕێت و ئەو مەترسییەی کە بەهۆی جموجۆڵی تاقمە تیرۆریستییەکانەوە دروست بووە، نیگەرانیی ناوچەکەی زیاتر کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم دۆخە گوزارشت لە زیادبوونی ئاستەنگەکانی بەردەم ناوچەکە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ترسی خۆی دەربڕی کە" گرووپە تیرۆریستییەکان وەک خۆی وەسفی کردوون، سووریا بکەنە بنکەیەکی ئەمن بۆ ئەوان".
وتیشی" دەستدرێژی و دەستێوەردانی سەربازی قەوارەی ئیسرائیل جگە لە دەستێوەردانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، تەحەدای نوێیان دروستکردووە".
عێراقچی دەشڵێت" جیهانی ئیسلامی بە قووڵی نیگەرانە لە داهاتووی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستای سوریا و فەلەستین".
ڕوونیشیکردەوە، ئەو گەلانەی لەم جوگرافیایەدا دەژین، کە بە درێژایی چەندین سەدە ڕۆڵێکی جەوهەرییان هەبووە لە دیاریکردنی چارەنووسی جیهانی ئیسلامیدا، چەند دەیە بەهۆی پشتگوێخستنی مافە سەروەرییەکانیان، بە زیانێکی گەورە دەناڵێنن.
وەزیری دەرەوەی ئێران پرسیاری کرد کە کێ بەرپرسە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی وڵاتێک کە بەدەست بارودۆخی سەختەوە دەناڵێنێت، لە ڕووخانی حکومەتێکەوە تا لە دایکبوونی حکومەتێکی دیکە؟.
جەختی لەوەکردەوە کە ئەم پێشێلکاریانە ئازارەکانی ناوچەکە زیاتر دەکەن.