فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، سەبارەت بە ڕووداوەکانی سووریا و ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند: وڵاتانی بێگانە وەک گورگی برسی کەوتوونەتە گیانی سوریا، دەشڵێت" وانەیەکی تاڵمان لە سوریا وەرگرت".
بە گوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران لە میانی بەشداری لە ڕێوڕەسمێکدا وتی"ئەو زلهێزە بێگانانەی ئەمڕۆ ئاگریان لە سووریا بەرداوە، وەک گورگی برسی کەوتوونەتە خواردنی ئاسکێکی تەنیا لە بیابان، هەر یەکێکیان پارچەیەکی دەخۆن، ئیسرائیلییەکان باشوور و یەکێکی دیکە باکوور، یەکێکی تریش ڕۆژهەڵاتەکەی دابڕیوە، خەڵکە لێقەوماوەکەش لەبەردەم چارەنووسێکی نادیار سەرگەردانن".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "وانەیەکی تاڵمان وەرگرت، دەبێت ئەزموونی لێ وەربگرین و لە پاڵ ئەو پەندە گەورانەی دیکە دایبنێین کە لە سەردەمی بەرگریی پیرۆز بۆمان ماوەتەوە".
وتیشی: "هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن، تا ئەو کاتەی ئێمە لەوێ بووین، خەڵکی سووریا بۆ خۆیان دەژیان، چونکە ئێمە هەوڵمان دا خەڵکی سووریا شکۆمەندانە بژین، چونکە بۆ دابڕاندنی هیچ بەشێکی خاکی سووریا و بەستنەوەی بە خاکی خۆمان یان بۆ بە دەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆمان نەچوو بووین، بەڵکوو ئێمە بۆ پاراستنی شکۆمەندی موسڵمانان لەوێ بووین".