وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات خاکی سوریا بەجێبهێڵن بەهۆی ئەوەی بە "دۆخی ئەمنی ناجێگیر" وەسفی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە" لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی شەڕی چەکداری لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە، دۆخی ئەمنی لە سووریا بە ناسەقامگیر و پێشبینی نەکراو ماوەتەوە".
هەروەها وەزارەتەکە داواشی لە هەموو هاوڵاتییانی ئەمەریکی کرد کە توانای ئەوەیان هەیە دەستبەجێ بڕۆنە دەرەوە و خاکی سووریا بەجێبهێڵن.
هاوکات داواش لەو کەسانە دەکات کە توانای ئامادەکردنی پلانی فریاگوزارییان نییە و ئامادەبن بۆ ماوەی درێژخایەن لە شوێنی خۆیان پەنا بگرن ئەگەر پێویست بکات.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان پشتڕاستیانکردەوە کە باڵیۆزخانەی سوریا لە واشنتۆن بە داخراوی دەمێنێتەوە سەرەڕای ئەوەی ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای نوێ لەسەر بیناکەی دەدات.
لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سوریا، لەوانە حەیعەت تەحریر شام کە بەپێی یاساکانی ئەمریکا وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" پۆلێن کراوە.