لە ئەگەری داڕمانی بەنداوی تشرین، عێراق روونکردنەوە دەدات


لە ئەگەری داڕمانی بەنداوی تشرین کە ئێستا لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و میلیشیاکانی سەر بەتورکیا شەڕ گەرمە، بەرپرسێکی عێراقی ئەو بوارە رایدەگەیەنێت کە رێوشوێنی خۆپارێزیان گرتۆتەبەر.
  
عەلی رازی بەرێوەبەری گشتیی دەستەی بەنداوەکان کە سەر بە وەزارەتی  سەرچاوەکانی ئاوی عێراقە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت " لە ئەگەری دارووخانی بەنداوی تشرین لە سووریا، لە عێراقدا لە سێ شوێن توانای گلدانەوەی ئاوەکەیمان هەیە".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت " بەنداوی تشرین، کە دەکەوێتە نێوان شاری حەلەب و منبەجی سووریا، لە بەنداوەکانی عێراق توانای گلدانەوەی ئاوەکەیمان هەیە لە بەنداوی حەدیسە و هەر دوو دەریاچەی حەبانیە و ڕەزازە لەسەر ڕووباری فورات".

عەلی رازی بەرێوەبەری گشتیی دەستەی بەنداوەکان جەختیکردەوە کە پلانیان هەیە بۆ هەر ئەگەرێکی لەو جۆرە، کە پێشتر بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە زیان بەر بەنداوی تشرین لە سووریا کەوتبوو.

لە رۆژانی رابردوودا شەڕی قورس لەسەر بەنداوی تشرین لە نێوان هەسەدەو میلیشیاکانی سەر بە تورکیا روویداو، بەهۆی بۆردومانی هێزەکانی سەر بە تورکیاوە زیانی گەورە بەر ئەو بەنداوە کەوتووە کە لەلایەن هەردوو هێزەکەوە بە شوێنێکی ستراتیژی هەژمار دەکرێت.




PM:05:41:16/12/2024