ئێران جێبەجێکردنی یاسای حیجابی هەڵپەسارد

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران جێبەجێکردنی یاسای حیجابی هەڵپەسارد و جێگری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران یاسای حیجابی بەرلە بڵاوبونەوەی هەڵپەسارد لە کاتێکدا بڕیاربو ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕەوانەی دامەزراوە حکومییەکان بکرێت.

لای خۆشیەوە عەلی ڕەبیعی جێگری سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندوە، دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار ئامادە نەبو یاساکە واژۆ بکات و جێبەجێ بکرێت، بڕیاردانی لەسەر ئەم یاسایەی بە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی سپاردوە.

بە گوێرەی یاساکە هەر هاوڵاتیەک پابەندی باڵا پۆشی نەبێت ڕوبەروی سزای پێبژاردن و زیندانیکردن دەبێتەوە، دوای پەسەندکردنیشی لە پەرلەمانی ئێران نارەزایەتی و ڕەخنەی توندی ریفۆرمخوازانی ناو دەسەڵات و کۆمەڵگەی مەدەنی لێکەوتەوە.



PM:08:01:16/12/2024