ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر لە خاکی سوریا دەکەن لەسەر بنەما سەرەکییەکانی بڕیارنامەی ژمارە (٢٢٥٤)ی ئەنجومەنی ئاسایش، هەروەها جەخت لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەنەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە بەیاننامەیەکدا پاڵپشتی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا گەیر پێدرسن دەربڕی، بۆ یارمەتیدان لە ئاسانکاری پرۆسەیەکی سیاسی لەم شێوەیە لە ژێر سەرکردایەتی و خاوەندارێتی سوریادا.
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت خواستە ڕەواکانی هەموو سوورییەکان بەدیبهێنێت و هەموویان بپارێزێت و بتوانێت لە ئاشتی و سەربەخۆی و دیموکراسیدا ئایندەی خۆیان دیاری بکەن.
هەروەها ئەندامان پابەندی بەهێزی خۆیان بە سەروەری، سەربەخۆی، یەکگرتووی و یەکپارچەی خاکی سووریا دووپاتکردەوە و داوایان لە هەموو وڵاتان کرد کە ڕێز لەو بنەمایانە بگرن.
جێگای سەرنجە بڕیارنامەی ژمارە (٢٢٥٤)ی ئەنجوومەنی ئاسایش کە لە ساڵی (٢٠١٥) دەرچووە، خشتەی کاتی بۆ گواستنەوەی سیاسی لە سوریا داناوە، لەوانەش دانوستان لەسەر دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر و باوەڕپێکراو، پرۆسەی داڕشتنی دەستورێکی نوێی دیاریکردووە و داوایکردوە هەڵبژاردنی دادپەروەرانە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەندامانی ئەنجومەن ئاماژەیان بە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا کرد و بە تایبەتی جەختیان لەسەر پێویستی ڕێگریکردن لە داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە دووبارە جێگیرکردنەوەی تواناکانیان و بێبەشکردنیان لە پەناگەیەکی ئارام لە سوریا، هاوکات جەختیش لەوە کراوەتەوە کە سوریا دەبێت پابەند بێت بە هەموو بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، هەروەها داوای لە سوریا کردووە هاوکاری هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بکات".
لە بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، داوای پاڵپشتی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا مرۆییەکان بۆ زیادکردنی پشتیوانی مرۆی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی پێویست لە سەرانسەری سوریا کراوەتەوە.
لای خۆشییەوە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا گەیر پێدرسن لە میانی دانیشتنەکەدا هۆشداریدا لەوەی سەرەڕای ڕووخانی بەشار ئەسەد" هێشتا ململانێکان کۆتایی نەهاتووە لە سوریا"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامەکانی باکوری وڵات لە نێوان کوتلەکانی سەر بە تورکیا و شەڕڤانانی کورد.
پێدەرسن داوای لە ئیسرائیل کرد" هەموو چالاکییەکانی نیشتەجێبوون لە جۆلانی داگیرکراوی سوریا ڕابگرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵگرتنی ئەو سزایانەی بەسەر سوریادا سەپێنراون بۆ هاوکاریکردنی ئەم وڵاتە زۆر گرنگە.