پوتین: تا ئێستا چاوم بە ئەسەد نەکەوتووە

سەرۆکی ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت" ڕوسیا چوار هەزار چەکداری ئێرانی لە سوریاوە ڕەوانەی تاران کردووەتەوە". دەشڵێت" تائێستا چاوم بە ئەسەد نەکەوتووە". 

ئەمڕۆ پێنج شەممە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا، لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ساڵانەیەکەیدا بۆ پێداچوونەوە بە ئەنجامەکانی ساڵی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" دوای گەیشتنی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریا نەکەوتووە، بەڵام بەنیازم لەسەر چەند پرسێک قسەی لەگەڵ بکەم، لەوانەش چارەنووسی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ئۆستین تایس کە ماوەی ١٢ ساڵە لە سوریا بێسەروشوێنە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات نوێنەرایەتی "شکست" بۆ ڕووسیا ناکات.

جەختیشی لەوەکردەوە کە ئامانجەکانی ڕووسیا لە سوریا بۆ ڕێگریکردن بووە لە سەرهەڵدانی شوێنێکی "تیرۆریستی" هاوشێوەی ئەفغانستان کە تاڕادەیەکی زۆر بەدیهات.

پوتین ئاماژەی بەوەدا کە ئایندەی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا کەوتۆتە ژێر هەڵسەنگاندنەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە کردەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەوێ و پێداویستییە ستراتیژییەکانی ڕووسیا.

سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بە پێشنیاری مۆسکۆ کرد بۆ بەکارهێنانی بنکە نێودەوڵەتییەکانی حمەیمیم و تارتووس بۆ پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سوورییەکان.

پوتین جەختیشی لەوەکردەوە کە ڕووسیا لە ڕێگەی بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم لایەنە کۆنتڕۆڵکارەکانی نێوخۆی وڵات و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئارامی، هەوڵ دەدات سەقامگیری لە سووریا بەدیبهێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی چوار هەزار چەکداری ئێرانی لە سوریاوە بۆ تاران گواستووەتەوە. 



PM:02:09:19/12/2024