هێرشێک بۆ سەر کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە نیویۆرک پووچەڵکرایەوە

ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی ئەمریکا بە هاوکاری لەگەڵ (FBI) هەوڵی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە نیویۆرک پووچەڵکردەوە.

ئۆفیر ئاکونیس کونسوڵی گشتی ئیسرائیل لە نیویۆرک، بەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" پۆلیسی ئەمەریکا بە هاوکاری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، هەوڵی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئیسرائیل لە نیویۆرک پووچەڵکردەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو وەڵامدانەوە و هاوکارییە دەستبەجێیەی کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکاوە پێشکەشیکردووە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەکەمان بەرز دەنرخێنین. 

هەروەها لای خۆشییەوە ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە" ئەو تۆمەتبارەی دەستبەسەرکراوە، لایەنگری ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بووە، لەنێویاندا داعش". 

ڕۆژنامەکە دەشڵێت" تۆمەتبارەکە لە ویلایەتی ڤێرجینیا دەژی و لەلایەن نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیەوە دەستگیرکراوە". 



AM:10:47:20/12/2024