"ڕووداوەکانی سوریا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک خەڵکی بەهێز"

ڕێبەری باڵای ئێران ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی "ئاژاوە" لە سوریا و ئێران تۆمەتبار دەکات و دەشڵێت" ڕووداوەکانی سوریا و ناوچەکە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک خەڵکی بەهێز". 

عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە لە حسێنییەی ئیمام خومەینی لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتى وڵاتەکەی كۆبووەوە و رایگەیاند" یەمەنییەکان شەڕ دەکەن، چونکە باوەڕدارن، حیزبوڵڵا شەڕ دەکات، چونکە بەهێزی ئیمانەکەی پاڵی پێوەدەنێت بۆ مەیدان و حەماس و جیهاد شەڕ دەکەن، چونکە ئیمانیان واجب دەکات بە ناوی ئێمەوە کار ناکەن". 

دەشڵێت" هەرکەسێک بڵێت ئێران هێزی بە وەکالەت لەدەستداوە، هەڵەیە، چونکە ئێمە لە پلەی یەکەمدا هێزی بە وەکالەتمان نییە و ئەگەر ڕۆژێک بمانەوێت شتێک بکەین، پێویستمان بە هێزی بە وەکالەت نییە". 

خامنەیی ئاماژەی بەوەدا کە" پلانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتێکدا، یان دانانی ڕژێمێکی پاوانخوازە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات، یان بۆ وروژاندنی ئاژاوەگێڕانەیە". 

ئاماژەی بەوەشکرد کە" پلانی ئەمریکا لە سوریا بڵاوکردنەوەی ئاژاوەگێڕییە". 

ڕێبەری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی" پێشبینی دەکەم ڕووداوەکانی سوریا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کەسی بەهێز و بەڕێز و داهاتووی ناوچەکە لە واقیعی ئێستای باشتر بێت". 

خامنەیی دەشڵێت" ئەمریکییەکان دەڵێن پشتیوانی ئەو کەسانە دەکەین کە ئاژاوەگێڕی لە ئێراندا دروست دەکەن، بەڵام ئەوان زۆر وەهم و هەڵەن". 

ناوبراو وتیشی" گەلی ئێران هەرکەسێک ڕازی بێت ببێت بە بەکرێگیراو بۆ ئەمەریکا لەناوی دەبات". 



PM:03:40:22/12/2024