سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام بانگهێشتی ئه‌میری قه‌ته‌ر دەکات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی سوریا بكات و جەخت لەسەر پەیوەندی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە.
ئه‌حمه‌د شه‌رع ناسراو بە محەمەد جۆلانی سەرۆکی دەستەی تەحریر شام، دوای کۆبوونەوەی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د خلێفی وه‌زیری ده‌رەوەی قەتەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند" بانگهێشتی ئه‌میری قه‌ته‌رمان كردووه بۆ ئەوەی سه‌ردانی سوریا بكات و له ماوه‌ی داهاتووشدا ده‌ستده‌كه‌ین به هاوكاری ستراتیژی فراوان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر".
وتیشی" هەوڵدەدەین سوود لە شارەزای قەتەر لە هەموو بوارەکاندا وەربگرین".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" قەتەر لە سوریا ئەولەویەتێکی تایبەتی هەیە بەهۆی هەڵوێستە شەرەفمەندەکانی بەرامبەر گەلی سوریا، بەشداری قەتەریش لە قۆناغی داهاتوودا کاریگەر و گرنگ دەبێت".
جۆلانی ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان دەوحە و دیمەشق باشتر دەبێت لەوەی پێشتر هەبووە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیمەشقی پایتەختی سوریا شاهیدی هاتنی زۆرێک لە شاندی عەرەبی و نێودەوڵەتی بوو بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی وڵاتەکە.