سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری مەدەنی کە ٧٢ کە سەرنشینی تێدابووە لە ڕۆژئاوای کازاخستان کەوتە خوارەوە.
ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسی، کەمێک پێش ئێستا بڵاویکردەوە" فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری مەدەنی سەر بە هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان لە شاری ئاکتاو لە کازاخستان کەوتەخوارەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەکەی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان لە گەشتێکدا بووە لە باکۆوە بۆ گرۆزنی لە کۆماری چیچانی ڕووسیا، بەڵام بەهۆی تەمومژ لە گرۆزنی ڕێڕەوەکەی لایداوە و پێش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەش چەند جارێک بەسەر فڕۆکەخانەکەدا فڕیوە.
لای خۆیەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری هێڵی ئاسمانی ئازەربایجانەوە ڕایگەیاندووە" ٧٢ سەرنشین لەناو فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەدا بوون".
هەروەها لای خۆشییەوە ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت" تائێستا ٢٥ سەرنشین رزگار کراون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون".