فەرماندەیی گشتی سوریا ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاسپاردنی ئەنەس خەتاب وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتی سوریا ڕاگەیاند.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی سانا، لەلایەن فەرماندەی گشتی سوریاوە ئەنەس خەتاب ناسراو بە ئەبو ئەحمەد حدود، وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوریا دیاریکرا.
ئەنەس خەتاب لە ساڵی ١٩٨٧ لە شاری جەیرود لە پارێزگای دیمەشق لەدایکبووە، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، پەیوەندی بە زانکۆی دیمەشقەوە کرد بۆ خوێندنی ئەندازیاری، بەڵام خوێندنی تەواو نەکرد و لە کاتی لەشکرکێشی ئەمریکادا بەرەو عێراق بەڕێکەوت.
ناوی ئەنەس خەتاب لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٤دا لە "لیستی تیرۆریستاندا" خراوەتە لیستی "تیرۆرەوە"، بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە، هاوکات ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە پڕچەککردنی ئەندامانی بەرەی نوسڕە.
هەروەها خەتاب کە پێشتر بە (ئەبو ئەحمەد حدود) ناسرابوو ئەفسەرێکی دیار و ناسراوی ئەمنییە لە حەیعەت تەحریر شام، و لە بازنەی ناوەوەی نزیک لە ئەحمەد شراعەوە دادەنرێت.