فەرماندەی پێشوی سوپای پاسداران: لە ماوەی ساڵێکدا مقاوەمەی سوریا دروست دەبێتەوە


بەرپرسیکی سەربازیی ئێران دەڵێت، گەنجانی سوریا لە داهاتویەکی نزیکدا دوبارە بەرەی مقاوەمە دروست دەکەنەوە و وڵاتەکەیان ئازاد دەکەن.

موحسین ڕەزایی، فەرماندەی پیشوی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئیکس بڵاوی کردەوە، گەنجان و خەڵکی خۆڕاگری سوریا لە بەرامبەر داگیرکاریی وڵاتەکەیان لەلایەن چەند وڵاتێکی دەرەکی و قورخکردنی دەسەڵات لەلایەن گروپێکی ناوخۆیی، بێدەنگ نابن.

رەزایی جەختی کردوەتەوە لەوەی، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بە شێوەیەکی جیاواز مقاوەمە لە سوریا زیندو دەبێتەوە و پیلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، پووچەڵ دەبێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندبو، گەنجانی سوریا بە زوویی لە بەرانبەر داگیرکەرانی وڵاتەکەیان دەوەستنەوە و وڵاتەکەیان ئازاد دەکەن.




PM:07:03:26/12/2024