دەنگۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئازەربایجان لەلایەن ڕوسیا بڵاودەبێتەوە و جێگری سەرۆکی حکومەتی کازاخستانیش ڕایدەگەیەنێت: تا ئێستا پشتڕاستنەکراوەتەوە کە سیستمی بەرگریی ڕوسیا لەپشت ڕوداوەکەوە بوبێت.
ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی ئەمەریكی بڵاویكردەوە: ئاماژە پێشوەختەکان دەریانخستوە كە پێدەچێت سیستمی دژە فڕۆکەی ڕوسیا هۆكاری لێدانی فڕۆکەكەی ئازەربایجانە لە کازاخستان كەوتەوە خوارەوە.
کەناڵی یۆرۆنیوزیش ئاشكرایكرد، حکومەتی ئازەربایجان ئەگەری خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی بە موشەکی ڕوسیا بە دور نازانێت و ئەگەرێکی کراوەیە.
لەلایەکی دیکەوە کانات بۆزومبایڤ جێگری سەرۆک وەزیرانی کازاخستان ڕایگەیاند: تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە کە كەوتنەوە خوارەوەی فڕۆكەكە بەهۆی سیستەمی بەرگریی ڕوسیاوە بوبێت، بۆیە بەفەرمی ڕونکردنەوە لەو بارەیەوە نەدراوە.
لای خۆشییەوە داواکاری گشتیی لە هێڵی ئاسمانی کازاخستان ئاماژەی بەوەکرد، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا نەگەیشتون بەو ئەنجامەی سیستمی بەرگریی ڕوسیا هۆكاری كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە بێت.
لە ٢٥ی ئەم مانگەدا فڕۆکەیەکی ئازەربایجان لە کاتی چونی لە باکۆوە بۆ چیچان بە ٦٧ سەرنشینەوە لە کازاخستان کەوتە خوارەوە و ٣٨ کەس گیانیان لەدەستدا..