لەبارەی کەتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی ئازەربایجان پوتین داوای لێبوردن دەکات

ئەمڕۆ شەممە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا داوای لێبوردنی لە هاوتا ئازەریەکەی کرد، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئازەربایجان لە کازاخستان.

کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملین)، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پوتین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هاوتا ئازەرییەکەی ئیلهام عەلیێڤی ئاگادارکردووەتەوە کە بەرگری ئاسمانی ڕووسیا چالاک بووە کاتێک فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان هەوڵیدا لە گرۆزنی بنیشێتەوە پێش ئەوەی بکەوێتە خوارەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا بە عەلیێڤی وتووە کە" لەو ماوەیەدا گرۆزنی و مۆزدۆک و ڤلادیکاڤکاز لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری ئۆکرانیاوە هێرشیانکراوەتە سەر و بەرگری ئاسمانی ڕووسیا ئەم هێرشانەی بەرپەرچ داوەتەوە". 

ڕاشیگەیاندووە" سەرۆكی ڕوسیا داوای لێبوردنی کردووە بۆ ئەو ڕووداوە کە لە ئاسمانی وڵاتەكەی ڕوویداوە، جارێکی دیکەش سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست". 

فڕۆکە ئازەربایجانەکە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە باکۆی پایتەختەوە بەرەو گرۆزنی پایتەختی ناوچەیی کۆماری چیچانی ڕووسیا لە ڕێگادا بوو، کاتێک بەرەو کازاخستان ڕۆیشت و لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوەی بەپەلە کەوتەخوارەوە، لە ڕووداوەکەدا ٣٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٩ کەسی دیکەش ڕزگاریان بووە.



PM:06:45:28/12/2024