لە ئەنجامی تێکشانی فڕۆکەیەک لە کۆریای باشور زیاتر لە ٩٠ کەس گیانیان لەدەستدا، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە
دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی کۆریای باشور ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای جیجۆی وڵاتەکەیان لە کاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی موانی لە باشوری رۆژئاوای کۆریای باشور لەسەر ڕێگەی نیشتنەوەی خۆی لایداوە و لە ئەنجامی بەرکەوتنی لەگەڵ دیوارێکی کۆنکرێتی ئاگری گرتوە و بەو هۆیەوە تەواوەتی فڕۆکەکە سوتاوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە فڕۆکەکە لە شاری بانکۆکی پایتەختی تایلاندەوە هاتوە و ١٨١ کەسی تێدا بوە.
لەنێو ئەوانەی لەنێو فڕۆکەکەدا بون، شەشیان ئەندامی ستافی فڕۆکەکە بون و تائێستا گیان لەدەستدانی ٩٦ کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی کۆریای باشوور بون و تەنیا دوانیان تایلاندی بون.
دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی کۆریای باشوور پیشبینی دەکەن ژمارەی قوربانیەکان بەرزبێتەوە.