سەرۆک کۆماری ئازەربایجان زانیاری نوێی سەبارەت بە هۆکارەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان ئاشکرا کرد، ئەمەش دوای ڕۆژێک دێت کە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا داوای لێبوردنی لێکرد و بە "ڕووداوێکی دڵتەزێن" وەسفی کرد.
ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند" فڕۆکەکە بەهۆی تەقەکردن لە زەویەوە کەوتۆتە خوارەوە، هەروەها هەندێک لایەن لە ڕووسیا هەوڵیانداوە وردەکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە پەردەپۆش بکەن".
وتیشی" ڕاستییەکان ئەوەیە کە فڕۆکە مەدەنییەکەی ئازەربایجان لە دەرەوە بەسەر خاکی ڕووسیادا لە نزیک شاری گرۆزنی زیانی پێگەیشتووە و نزیک بووە کۆنترۆڵی لەدەست بدات".
سەرۆکی ئازەربایجان ڕاشیگەیاند" دەزانین کە سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی فڕۆکەکەمان لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو، ئەمە یەکەم پێکدادان بوو لەگەڵ فڕۆکەکە، لە هەمان کاتدا لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە زەویەوە، کلکی فڕۆکەکەش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە".
دوێنێ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا داوای لێبوردنی لە هاوتا ئازەریەکەی کرد و تێیدا بە "ڕووداوێکی دڵتەزێن" وەسفی کرد
فڕۆکە ئازەربایجانەکە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە باکۆی پایتەختەوە بەرەو گرۆزنی پایتەختی ناوچەیی کۆماری چیچانی ڕووسیا لە ڕێگادا بوو، کاتێک بەرەو کازاخستان ڕۆیشت و لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوەی بەپەلە کەوتەخوارەوە، لە ڕووداوەکەدا ٣٨ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٩ کەسی دیکەش ڕزگاریان بووە.