ئەحمەد شەرع پلەی سەربازی بەرزی بە ژمارەیەک چەکداری بیانی بەخشی

لە هەنگاوێکی نوێدا کە کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا، ئیدارەی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع پلەی سەربازی بەرزی بە ژمارەیەک چەکداری بیانی بەخشی. 

بڕیارەکە کە واژووی ئەحمەد شەرعی لەسەرە و لەلایەن فەرماندەیی گشتییەوە دەرچووە، بریتی بوو لە پێدانی پلەی مەیجر جەنەراڵ بە وەزیری بەرگری لە حکومەتی کاتی محاف ئەبو قەسرە، جگە لە پێدانی ئەو پلەیە بە ژمارەیەک چەکداری بیانی دیکەش پلەی عەقیدیان پێدراوە. 
 
هەر بەپێی نووسراوەکە، عەبدولڕەحمان حسێن خەتیب ناسراو بە حسێن ئوردنی کە بە ڕەچەڵەک فەڵەستیینیە و پلەکەی لە سوپای ئیدارەی نوێی سووریادا کراوەتە لیوا.
    
هەروەها عەبدولعەزیز داود کە خەڵکی تورکستانە و کراوەتە لیوا، عومەر محەمەدیش خەڵکی تورکیایە و پلەکەی کراوەتە لیوا، هاوکات هەریەک لە عەبدول سەمریز کە خەڵکی ئەلبانیایە و مەولان تیرسۆن خەڵکی تاجیکستانە، عەلا محەمەد خەڵکی میسرە و ئیبنیان ئەحمەد کە خەڵکی ئوردنە بە پلەی عەقید لە سوپای ئیدارەی نوێی سووریادا کار دەکەن. 
   
هەر لەوبارەیەوە  فەریق ئەحمەد ڕەحال کە شارەزای بواری سەربازی و ستراتیژییە، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بە میدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاندووە" ئەوەی ڕوویدا ناتوانرێت بە مانا سەربازییە تەقلیدییەکان بە پلە بەرزکردنەوە هەژمار بکرێت". 

ڕەحال وتیشی" پلەبەرزکردنەوە لە سوپاکاندا لە پلەیەکەوە بۆ پلەیەکی بەرزتر ڕوودەدات، بەڵام کاتێک لەسەدا ٨٠ی سودمەندانی ئەو پلانە مەدەنین و ئەفسەر نین، ئەمە ناتوانرێت پێی بگوترێ پلەبەرزکردنەوە، بەڵکو هاوتایە لەگەڵ پێدانی پلەی سەربازی". 

دەشڵێت" پێدانی پلەی سەربازی بە چەکدارانی بیانی پرسیاری زۆر لەسەر ئەو بناغە یاسایی و سیاسییانە دەوروژێنێت کە ئەم بڕیارە لەسەری بنیات نراوە". 



PM:05:49:30/12/2024