فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی سەرۆکی کۆریای باشوور دەرچوو

ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دادگایەک لە سیئۆلی پایتەختی کۆریا، داواکارییەکی دەسەڵاتی یاسایی وڵاتەکەی بۆ دەستگیرکردنی یۆن سوک یول سەرۆکی لە کارلادراوی وڵاتەکەی پەسەندکرد.

میدیاکانی کۆریای باشوور، بڵاویانکردەوە" دادگای ناوچەی ڕۆژئاوا لە سیئۆل فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ یون سوك یول سەرۆكی كۆریای باشوور دەرکردووە، بەهۆی سەپاندنی باری نائاسایی سەربازی بۆ ماوەیەکی کورت، ئەمەش بووەتە یەکەم سەرۆکی دانیشتووی کۆریای باشوور کە ڕووبەڕووی دەستگیرکردن ببێتەوە". 

ئاماژە بەوەشدەکەن، لە نێو ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی یون کراوە، ڕێکخستنی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی سەربازی، ڕێکخستنی یاخیبوون و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە.

هەروەها دوێنێ دووشەممە، لێکۆڵەران لە سیئۆل ڕایانگەیاند کە" داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی ئەو سەرۆکە دەربکات کە دوای ڕاگەیاندنی یاسای سەربازی لەلایەن پەرلەمانەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە، بە بیانووی ئامادەنەبوونی بۆ لێپرسینەوە". 

دەشڵێن" لێکۆڵەران سێ جار بانگهێشتی یونیان کردووە بۆ لێپرسینەوە، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە". 

یون سوك یول لەم مانگەدا بۆ ماوەیەکی کورت یاسای سەربازی ڕاگەیاند و وڵاتەکەی خستە خراپترین قەیرانی سیاسی، لە ئەنجامی ئەو هەنگاوەش پەرلەمان ئەرکی سەرۆکایەتی لێ سەندوەتەوە، بەڵام تا ئێستا دادگای دەستوری بڕیارەکەی دەرنەکردووە کە دورخستنەوەی ناوبراو پشتڕاستبکاتەوە.



AM:10:53:31/12/2024