لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ چوونە ناو ساڵی نوێوە کە ئەوەش دیاردەیەکی سروشتییە بەشێکی گۆی زەوی لە کاتدا لە پێش هەندێکی دیکەوە بن.
ئەمڕۆ یەکەم ناوچە کە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات دووگەیەکی بچووکە لە ئۆقیانووسی نزیک زەریای هێمن بەناوی کیریباتی و لە کاتژمێر (١:٠٠)ی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێم واتە (١١) کاتژمێر پێش هەرێمی کوردستان دەچنە نێو ساڵی نوێوە (٢٠٢٥) کە تێیدا نمایشی یارییە ئاگرینەکان و کۆبوونەوەی دەرەوە پلانی بۆ دانراوە.
هەروەها دوای ئەو، وەک یەکەم ناوەندی گەورەی نێودەوڵەتی کە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات، شوێنە گرنگەکانی ئۆکلاند کە گەورەترین شاری نیوزلەندایە لە وانە دوورگەی چاتام لە کاتژمێر (١:١٥) بە کاتی هەرێم ڕووناک دەکرێنەوە و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن، بەڵام هەریەک لە شارەکانی (ئۆکلاند، ویڵنگتن، نوکوالۆفا و ئەپیا) لە نیوزیلاند کاتژمێر (٢:٠٠) پاشنیوەڕۆ دەچنە ساڵی (٢٠٢٥).
لە کاتژمێر (٤:٠٠)ی ئێوارەش هەموو چاوەکان ڕوو لە سیدنی دەکەن کە ئاسمانی بەندەری ئوسترالیا بە نمایشی گەورەی جەژنانە ڕووناک دەکرێتەوە، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ملیۆنێک کەس سەیری نمایشەکە بکەن، بێجگە لەوەی کە ئاسمان بە یارییە ئاگرینەکان بەسەر شارە گەورەکانی دیکەی ئوسترالیادا وەک مێلبۆرن، بریسبان و ئەدلاید و کانبێرا لە نیوەی شەودا ڕووناک دەکرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە دوورگەی کیریتیماسی کە گەورەترین دوورگەی کیریباتییە دەبێتە یەکەم دوورگەی دانیشتوو کە پێشوازی لە سەری ساڵی نوێ بکات، بەڵام هیچ بۆنەیەکی گەورە لەوێ پلانی بۆ دانەنراوە.
کۆتا شوێنیش دوورگەی سامۆوای ئەمریکا دەبێت و دوای (٢٤) کاتژمێری تەواو دەچێتە ناو ساڵی نوێوە.
لە کاتژمێر (١٢:٠٠)ی شەویشدا هەریەک لە هەرێمی کوردستان، رووسیا، سعودیە، تورکیا و زۆربەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن و دەچنە ناو ساڵی (٢٠٢٥)ەوە.