سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی ڕایدەگەیەنێت" لە قۆناغی ئایندەدا دیدگامان بۆ تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر دەکەینە ڕاستی".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، دوێنێ سێشەممە پەیامێکی بەبۆنەی سەری ساڵی نوێوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لە ساڵی نوێدا بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵپەرستان کە بە بەرزکردنەوەی نرخەکان بە تایبەتی خانووبەرە و کرێ و خۆراک چاویان بڕیوەتە نانی گەل".
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند" لە قۆناغی ئایندەدا دیدگامان بۆ تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر دەکەینە ڕاستی، هەموو جۆرە هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئاسانی و نیاز باشی دوولایەنی و تێگەیشتن بەڕێوەبچێت کە دەبێتە هۆی کردنەوەی ڕێگایەکی نوێ لە بەردەم وڵاتەکەماندا".
سەبارەت بە دۆخی سوریا ئەردۆغان دەڵێت" هەموو پشتیوانییەکی پێویست دەستەبەر دەکەین بۆ ئەوەی سەردەمی نوێ لە سووریا ببێتە مایەی بەدیهاتنی ئاشتی درێژخایەن، ئارامیی، سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی ئابووریی. پێموایە لەگەڵ بەدیهاتنی سەقامگیریی لە سووریا گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو پەنابەرە سوورییانەی ١٣ ساڵە لە دووری وڵات دەژین ئاسانتر دەبێت".