ڕۆژنامەیەکی بەریتانی ڕایدەگەیەنێت" بەشار ئەسەد سەرۆکی دوورخراوەی پێشووی سووریا لە هەوڵێکی کوشتن لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ڕزگاری بووە".
ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاویکردەوە" بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریا لە ماوەی مانەوەی لە ڕووسیا هەوڵی ژەهراویکردنی دراوە کە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی لە ٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ خێزانەکەی پەنای بۆ مۆسکۆ بردووە، هەروەها لە ژێر پاراستنی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین دەژی".
ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاندووە" ئەسەد ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو تووشی حاڵەتێکی تەندروستی سەختبووە و پێویستی بە هاوکاری پزیشکی بەپەلە هەبووە".
هاوکات ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە دەڵێت" بەشار ئەسەد تووشی حاڵەتێکی لەناکاوی کۆکە و خنکاندنی توند بووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڵگەی بەهێز هەیە بۆ پشتگیریکردن لە گریمانەی هەوڵدان بۆ ژەهراویکردنی ئەسەد، چونکە لە پشکنینە پزیشکییەکان بوونی مادەیەکی ژەهراوی لە جەستەیدا دەرکەوتووە.
ڕۆژنامەکە دەشڵێت" ئەسەد لە شوقەکەی خۆی لە مۆسکۆ چارەسەری وەرگرتووە و ڕۆژی دووشەممە باری تەندروستی بەرەو باشی ڕووشتووە و لە ئێستادا باری تەندروستی جێگیر بووە".