وا بڕیارە حکومەتی کاتی سوریا لەم مانگەدا کۆنگرەیەکی نیشتمانی بە بەشداری سەرجەم پێکهاتەکان ساز بکات و تێیدا بڕیار لە بابەتە چارەنوسساز و هەستیارەکان دەدرێت...
ئاژانسی ئانادۆڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردوەتەوە، حکومەتی نوێی سوریا پلانی هەیە کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانی بە بەشداری هەزار کەس لە سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە ساز بکات و ئامادەکارییەکانیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.
سەرچاوەکان ئاشکراشیان کردوە، بڕیارە لە کۆنگرەکەدا دەنگ لەسەر بابەتە چارەنوسساز و هەستارەکان بدرێت، بۆ ئەوەی لە قۆناغی ڕاگوزەردا پەیرەو بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆکی دەستەى تەحریری شام ڕایگەیاندبوو، کە ڕێگا بە سەرجەم پێکھاتەکان دەدەن بەشداری لە کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیدا، بکەن.