ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی پێشنیار بۆ جۆبایدن دەکات کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، پێش دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، ئەگەر ئێرانییەکان "بەرەو هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێن".
ماڵپەڕی ئەكسسیۆسی سەربازی لە زاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردووەتەوە" جاك سولەیڤان راوێژكاری نەتەوەیی ئاسایشی ئەمریكا لە کۆبوونەوەیەکدا پێشنیاری بە بایدن کردووە پێش ٢٠ی ئەم مانگە هێرشبكاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئەگەر ئێران بەرەو هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت".
بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری ئەو بابەتەیە وتی کە" کۆبوونەوەی کۆشکی سپی، بەهۆی زانیاری هەواڵگری نوێ پاڵنەر نەبووە و مەبەست لێی ئەوە نەبووە کە بە بڕیارێکی بەڵێ یان نەخێر لەلایەن بایدنەوە کۆتایی پێبێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەک لە ناو کۆشکی سپی لەبارەی ئەگەری کردەوەی سەربازی دژ بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئارادا نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، سولیڤان لەم دواییانەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی بایدن نیگەرانە لەوەی ئێران ڕەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات و ئاماژەی بەوەشکرد کە تیمی ترەمپ لەم مەترسییە ئاگادار دەکاتەوە.