وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و هاوتا ئەڵمانییەکەی، ئەمڕۆ هەینی سەردانی دیمەشقی پایتەختی سوریایان کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا کۆدەبنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەیاننامەیەکی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بایربۆکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی "بە ناوی یەکێتی ئەوروپاوە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی سەرەتای سیاسی نوێ لە نێوان ئەوروپا و سوریا، و لە نێوان ئەڵمانیا و سوریا، بێتە ئاراوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە" زوڵم و دڕندەیی دەیان ساڵەی ڕژێمی ئەسەد و شەڕە ناوخۆییە ترسناکەکانی، برینی گەورەی بەسەر ملیۆنان کەس لە سوریادا هێناوە و لە هەمانکاتدا، ئێستا هیوایەکی ڕەوای بۆ ڕادەکێشێت داهاتوو باشتر دەبێت".
هەروەها هاتووە" لاپەڕەی ئازاربەخشی ڕژێمی ئەسەد کۆتایی هات، لاپەڕەیەکی نوێ دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا نەنوسراوە، لەم ساتەدا سوورییەکان دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە کە جارێکی دیکە چارەنووسی وڵاتەکەیان بخەنە دەستی خۆیان".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەڵمانیا دەیەوێت پاڵپشتی سوریاییەکان بکات" لە گواستنەوەی دەسەڵاتێکی هەمەلایەنە و ئاشتیانەدا، لە ئاشتەوایی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا و لە پرۆسەی بوژانەوەدا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هەموومان درک بەوە دەکەین کە ئەمە ڕێگایەکی چەقبەستوو دەبێت".
جەختیشی لەوە کردەوە کە" سەرەتای نوێ تەنیا لەو کاتەدا ڕوودەدات کە هەموو سوورییەکان، ژن و پیاو، بەبێ گوێدانە نەتەوەیی یان گرووپە ئایینییەکانیان، لە پرۆسەی سیاسیدا جێگەیان پێبدرێت".
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشقەوە هیوای خۆی دەربڕی کە سوریا "سەروەر و سەقامگیر و ئارام" بێت.
ئەوەشی خستەڕوو، کەمتر لە مانگێک لە سایەی کۆکردنەوەی ژنان و پیاوانی سوریا، هیوایەکی نوێ سەریهەڵدا ئەوە "هیوایەکی ڕاستەقینەیە".
لای خۆشییەوە ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت" بڕیارە ئەو دوو وەزیرە سەردانی زیندانی سەیدنایە بکەن کە دەکەوێتە دەوروبەری پایتەخت، کە نوێنەرایەتی هێمای سەرکوتی دەسەڵاتداران بووە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، پێش ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببنەوە".