حکومەتی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرس کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و ژمارەیەک تەوەر تاوتوێدەکات، لە ناویاندا پرسی "تیرۆر".

بەپێی هەواڵی ئەنادۆڵ کۆبوونەوەکە پاش نیوەرۆی ئەمرۆ  لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" و ئەو هەنگاوانە دەبێت کە لەپێناو تورکیایەکی بێ تیرۆر وەک ئەوەی ئەردۆغان جەختی لێدەکاتەوە، دەبێت.

هاوکات پێشهاتەکانی ناوچەکە لەسەروویانەوە، دوایین رووداوەکانی سووریا و غەززە دەخرێنە بەرباس و هاوکاریی و پشتیوانییەکانی ئەنقەرە بۆ دیمەشق تاوتوێ دەکرێن.

یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی حکومەتی تورکیا، دۆخی ئابووریی وڵاتەکە و گرفتەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان دەبێت.

ئەمە جگە لەوەی کارەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی دانیشتووان تاوتوێدەکرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت یەکەم کۆبوونەوەی لە ٩ی کانوونی دووەمدا ئەنجامبدات. چاوەڕواندەکرێت دوای کۆبوونەوەکە، ئەردۆغان گوتەیەک پێشکەشبکات.

حکومەت تورکیا دوو هەفتە جارێک کۆدەبێتەوە و دوا کۆبوونەوەی لە ٢٣ـی کانوونی یەکەمدا، واتە بەر لە هەفتەیەک لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ ئەنجامدرا.




PM:02:44:06/01/2025