سەرۆك كۆماری توركیا ڕایدەگەیەنێت" كۆتاییهاتنی چەكدارانی كورد لە سوریا نزیک بۆتەوە و هیچ هەنگاوێکیش بۆ تیرۆر نەماوە".
ڕجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە پرسی سوریا ڕایگەیاند" بە دابەشبوونی سووریا و تێکچوونی پێکهاتەی ناوەندگەرای سووریا قایل نابین، هەر مەترسییەک ببینین، ئەوە بە خێرایی هەنگاو دەنێین".
سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان ئەردۆغان دەڵێت" كۆتایی چەكدارانی كورد لە سوریا نزیكە، دوای کۆتاییهاتنی ڕژێمی ئەسەد، هیچ بوارێك بۆ تیرۆر لە قۆناغی داهاتووی سوریادا نەماوە".
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند" بەو هیوایەی لەگەڵ نەهێشتنی سێبەری ڕەشی تیرۆر بەسەر سیاسەتی وڵاتەکەمان، لە تورکیایەکی کەشێکی زۆر تەندروستتر و ئازادانەتر بێتە ئاراوە".
دەشڵێت" چارەنووسی ئەوانەی کە دەیانەوێت لە پاڵ تیرۆر و توندوتیژی دابن، ئەوە ناشتنی خۆیان و چەکەکانیانە و هیچ هێزێکیش ناتوانێ بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە".
لێدوانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتیکردەوە کە" دۆخی سوریا گۆڕاوە، ئێمە پێمان وایە نەهێشتنی پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل تەنها پەیوەستە بە کاتەوە".