ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە جۆزێف عەون سەرۆکی هەڵبژێردراوی لوبنان، لە دوای هەڵبژاردنی یەکەم پەیامی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێ لە مێژووی لوبنان دەستپێدەکات".
دوای دوو خولی دەنگدان لە پەرلەمانی لوبنان جۆزێف عەون بە سەرۆک کۆماری نوێی لوبنان هەڵبژێردرا، هەروەها دوای هەڵبژاردنی یەکەم پەیامی خۆی بڵاوکردەوە، و ڕایگەیاند" لوبنان سەرەڕای شەڕ و بۆردومان و خراپ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان وەک خۆی ماوەتەوە، ئێمە گەیشتوینەتە ساتەوەختی حەقیقەت، لە قەیرانی حوکمڕانیداین کە پێویستی بە گۆڕانکاری لە ئەدای سیاسی و ئابووری هەیە".
دەشڵێت" ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێ لە مێژووی لوبنان دەستپێدەکات، بەڵێن دەدەم کە دەسەڵاتە تەواوەکانی سەرۆکی کۆمار وەک ناوبژیوانێکی دادپەروەرانە لە نێوان دامەزراوەکاندا بەکاربهێنم، ئەگەر بمانەوێت وڵاتێک بنیات بنێین، دەبێت هەموومان لە ژێر سەروەری یاسادا بین، نە دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری و بنکەکانی پۆلیس، نە لایەنگری و نە پارێزبەندی بۆ تاوانباران یان گەندەڵکاران، لە حکومەتی داهاتوو کار دەکەم بۆ دەرکردنی ڕەشنووسی یاسای سەربەخۆی دادوەری".
سەرۆکی هەڵبژێردراوی لوبنان ڕاشیگەیاند" بەڵێن دەدەم تەحەدای دەستووری بوونی هەر یاسایەک بکەم کە پێشێلی بڕگەکانی دەستوور بکات، داوای ڕاوێژکاری خێرای پەرلەمانی دەکەم بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، هەروەها بەڵێنم بە پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران داڕشتنەوەی ئیدارە و دامودەزگا گشتییەکانە، ڕۆڵی خۆم وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای بەرگری جێبەجێ بکەم".
عەون هێمایی بۆئەوەشکرد" ڕۆڵی خۆم وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جێبەجێ دەکەم و مافی دەوڵەت بۆ قۆرخکردنی مافی هەڵگرتنی چەک دووپات بکەمەوە، ئەوەی بە دەستدرێژی ئیسرائیل لە باشوور و بێکاع و گەڕەک و هەموو بەشەکانی لوبنان وێران بوو، ئاوەدان دەکەمەوە".
جۆزێف عەون وتیشی" داوا دەکەم سیاسەتێکی یەکگرتووی بەرگری کە دەوڵەت بتوانێت داگیرکاری ئیسرائیل لاببات و دەستدرێژیەکانی بەرپەرچ بداتەوە، هاوکات باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دروست دەکەین".
دەشڵێت" ئێمە دەرفەتێکمان بۆ ڕەخساوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ سوریا دابمەزرێنین".