لە کاتێکدا هەردوو سەرکردەی ئاکپارتی و مەهەپە، باسی پرۆسەی ئاشتی دەکەن و رێگایان کردۆتەوە بۆ وەفدی دەمپارتی لەگەڵ ئوچ ئالان کۆببنەوە، ئەمڕۆ هەینی ١٠ی کانوونی دووەم پۆلیسی تورکیا دوو هاوسەرۆکی شارەوانی و چوار ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی سەر بە پارتی دەم لە پارێزگای مێرسین دەستگیر کرد.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردۆەوە کە پۆلیسی تورکیا هۆشیار سەرییەڵدیزی و نوری ئەرسەلانی ئەندام لە پارتی دەمی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکی شارەوانی ناوچەی ئاکدێنیزی مێرسینی لەگەڵ چوار ئەندامی دیکەی پارتەکە لە ئەنجومەنی شارەوانی دەستبەسەرکراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
لەلایەکی ترەوە ئاژانسی ئانادۆڵوی دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو کەسانە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخراوێکی پەکەکە و پێشێلکاری یاسای ڕێگریکردن لە دەستەبەرکردنی پارە بۆ ئەو پارتە" و "پێشێلکردنی یاسای کۆبوونەوەکان" دەستگیر کراون.
پارتی دەم کە ٥٧ کورسی لە پەرلەمانی ٦٠٠ کورسیی تورکیادا هەیە، رایگەیاند" لێکۆڵینەوەکان ساختەن و مەبەست لێیان پاساو هێنانەوەیە بۆ دانانی بەرپرسی متمانەپێکراوی خۆیان لە بەڕێوبەرایەتییە ناوخۆییەکەی ئاکدێنیزدا".
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک شارەوانی و بەڕێوبەرە ناوخۆییەکانی لایەنگری کورد دەستبەسەر کراون. حکومەت زۆرجار ئەو بەرپرسانە لادەبەن متمانەپێکراوی خۆیان لەو پۆستانەدا بەناوی" قەیومەوە "دادەنێن.