راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، ئاگربەستی غەززە نزیکە و لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەگەیەندرێت.
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە بەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی وتی"لایەنەکان لە ئاگربەستی غەززە زۆر زۆر نزیکن، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک تاوەکو جەنگ لەو کەرتە بوەستێت و ٩٨ بارمتەکە رزگاربکرێن، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە خاڵی کۆتایی."
بەوتەی سوڵیڤان، کاتێک نوێنەرانەی حەماس و ئیسرائیل لە دەوحەی قەتەر خەریکی دانوستاندن بوون، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رۆژانە هەواڵی پێدەدرا.
نوێنەرانی هەردوولا ئاشکرایان کرد، دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ بە نێوەندگیریی ئەمریکا، میسر و قەتەر لە پێنجشەممە ٩ی کانوونی دوەمەوە بەردەوامن.
سوڵیڤان وتیشی"هێشتا دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی رێککەوتنێک واژۆ بکرێت "پێش ئەوەی بایدن نووسینگەکەی جێبهێڵێت، بەڵام دەشکرێت حەماس هەر بە کەللـەڕەقی بمێنێتەوە."
لەلایەکی دیکە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای هەڵبژێردراو لە لێدوانێک بۆ کەناڵی فۆکس نیوز وتی، پێشبینی دەکات لە دوایین رۆژەکانی سەرۆکایەتیی بایدن، ئاگربەست رابگەیێندرێت.