ژمارەی گیانلەدەستدانی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا بەرزبوەوە بۆ ٢٤ کەس


ژمارەی گیان لەدەستدانی ئاگرکەوتنەوە گەورەکەی کالیفۆرنیا لە ١٦ قوربانییەوە بۆ ٢٤ کەس بەرزبووەتەوە.

بەڕێوەبەری دەزگای بەڕێوەبردنی فریاگوزاری کالیفۆرنیان ڕایگەیاند" فەرمان بە سەربازانی سوپای ئەمریکا کراوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ یارمەتیدانی هاوڵاتیان و کوژاندنەوەی ئاگرەکە".

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت ئاگرکەوتنەوەی کێوییەکانی لۆس ئەنجلۆس لە گرانترین ئاگرکەوتنەوەکان بێت لە مێژووی ئەمریکادا و زیانەکانی زیاتر لە ١٣٥ ملیار دۆلار بێت.

لە خەمڵاندنێکی سەرەتاییدا کۆمپانیای ئەکواویزەری تایبەت بۆ پێشبینی کەشوهەوا ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکات زیانەکانی لەنێوان ١٣٥ بۆ ١٥٠ ملیار دۆلار بێت، بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە لە ناوچەیەکدا بڵاوبووەتەوە کە هەندێک لە گرانترین خانووبەرەکان لە ئەمریکا لەخۆدەگرێت، 

دەسەڵاتدارانی ئاگرکوژێنەوە دەڵێن زیاتر لە ٥ هەزار و ٣٠٠ ماڵ بەهۆی  ئاگرکەوتنەوەی ناوچەی پالیسادزەوە لەناوچوون، ئاگری ئیتۆنیش زیاتر لە پێنج هەزار ماڵ کاولبووە.

چاودێران پێشبینی دەکەن کە ئەگەری زۆرە ئاگر کەوتنەوەی ئەمجارە ببێت بە یەکێک لە پێنج گرانترین ئاگرکەوتنەوەی ئەو ولایەتە و زیانەکانیش بەردەوام لە هەڵکشاندایە.

ئاگرکەوتنەوەکان تەنها سێ مانگ دوای ئەوە دێت کە زریانی هێلین بەشێکی زۆری کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ولایەتی کالیفۆرنیای وێران کرد و بە مەزەندەکردنی ٧٨.٧ ملیار دۆلار زیانەکانی لێکەوتەوە، ئەمەش وایکردووە کە بە حەوتەم تێچووی کارەساتی سروشتی ئەمریکا لە مێژوودا هەژمار بکرێت.

بۆ بینینی ڤیدیۆی ئەمڕۆ ئەو ئاگرکەوتنەوەیە، ئەم لینکە بکەرەوە





PM:05:08:13/01/2025