بایدن: نزیکبووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت" نزیکبووینەتەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززەین". 

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ دووشەممە لە وتارێکدا ڕایگەیاند" ئێمە ئاگربەست لە غەززە ڕادەگەیەنین و لەگەڵ نەتانیاهۆ و ئەمیری قەتەر قسەم کرود". 

ئاماژەی بەوەشکرد کە" خەڵکی غەززە بە دۆزەخدا تێپەڕیووە و فەلەستینییەکان پێویستیان بە ئاشتییە". 

بایدن وتیشی" قۆناغی دوای جەنگی سارد کۆتایی هاتووە و سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە بە کێبڕکێی توند لەسەر ئابووری و مافەکانی مرۆڤ و پرسەکانی دیکە". 

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی سەردەکەوێت و لە پێگەیەکی بەهێزدان، "لە کاتێکدا نەیارەکانمان لە دۆخێکی لاوازدان".  

بایدن لە درێژەی قسەکانیدا وتی" وڵاتەکەمان لە ماوەی ئیدارەی مندا لە هەموو کاتێک بەهێزتر و ئامادەکاری زیاتر بووە، هاوپەیمانی نوێمان لە هیندستان و زەریای هێمن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژی چین پێکهێناوە، هاوپەیمانی ناتۆش لە هەموو کاتێک بەهێزترە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا" پێیوابوو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کیێڤ داگیردەکات، بەڵام من ئەو کەسە بووم کە چوومە ئەوێ، و ٥٠ وڵاتمان کۆکردەوە بۆ ئەوەی لە تەنیشت ئۆکرانیا بوەستن، هەروەها کارمانکرد بۆ کۆکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ وڵات بۆ پاراستنی کەشتییەکانی ناو ئۆکرانیا و دەریای سوور لە دژی هێرشەکانی حوسییەکان". 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" ڕووسیا لە خەباتدایە بۆ گۆڕینی ئەو کەرەستە و چەکدارانەی کە لە بەرەکانی شەڕدا لە دەستی دەدات". 

جۆ بایدن لە کۆتایی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل شکستی هێناوە،" چونکە ئێمە وڵاتانمان کۆکردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، ئێران و ڕووسیاش نەیانتوانی هاوکاری بەشار ئەسەد بکەن کە بمێنێتەوە لە دەسەڵاتدا". 



AM:09:27:14/01/2025