سەرۆکی کۆریای باشوور دەستگیرکرا

دەزگای باڵای لێکۆڵینەوەی گەندەڵی کۆریای باشوور ئەمڕۆ چوارشەممە یۆن سوک یۆلی سەرۆکی کۆریای باشووری دەستگیرکرد کە "تۆمەتی سەرکردایەتیکردنی یاخیبوون و تۆمەتی دیکەی لەسەرە".

فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی باڵای کۆریای باشوور ڕایگەیاندووە" فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ یۆن جێبەجێکردووە و بەیانی ئەمڕۆ بردوویانە بۆ کۆمەڵگەی حکومی لە گواچۆن کە تەنها لە باشووری سیئۆلە". 

لای خۆیەوە یۆن سوک یۆلی سەرۆکی کۆریای باشوور، پێش دەستگیرکردنی لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە یۆنگسان لە ناوەڕاستی سیئۆل ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاریداوە بۆ لێپرسینەوە لە بەردەم دەزگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئامادەبێت بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، هاوکات جەختیشیکردەوە کە لێکۆڵینەوەکانی دەزگاکە "نایاساییە".

ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی کۆریای باشووردا سەرۆکێکی وڵاتەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی لێکۆڵینەوەوە دەستبەسەر بکرێت.

مانگی ڕابردوو یۆن سوك یۆلی بۆ ماوەیەکی کورت یاسای سەربازی ڕاگەیاند و وڵاتەکەی خستە خراپترین قەیرانی سیاسی، لە ئەنجامی ئەو هەنگاوەش پەرلەمان ئەرکی سەرۆکایەتی لێ سەندەوە. 



AM:09:52:15/01/2025