ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بۆ پەسەندکردنی ئاگربەستی غەززە کۆدەبێتەوە


کابینەی حکومەتی ئیسرائیل، بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، کۆدەبێتەوە و دەشڵێت، ئامادەکاریی بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان کراوە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: لەسەر داوای بنیامین ناتانیاهۆ، ئەمڕۆ سەرەتا کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل، بۆ تاوتوێی ئاگربەستەکە کۆدەبێتەوە و دواتر لە دانوستانی کابینەی حکومەتدا، بڕیار لەسەر پەسەندکردنی ڕیکەوتننامەی ئاگربەستی غەزە دەدرێت.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتوە، بنەماڵەی بارمتەکان ئاگادار کراونەتەوە و ئامادەکاریی پێویست بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان کراوە.

بەگوێرەی ڕەشنوسی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە ئەگەری پەسەندکردنی ڕێکەوتنی ئاگربەست لەلایەن کابینەی ئیسرائیلەوە، ئاگربەستەکە لە ڕۆژی یەکشەمەوە دەچێتە بواری جیبەجێکردن..

پێشتر وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، هۆشداریی دا لەوەی، لە ئەگەری ئەوەی حەماس بەردەوام بێت لەسەر زیادەخوازییەکانی، کابینەی ئیسرائیل بۆ پەسەندکردنی ئاگربەستەکە کۆ نابێتەوە.



PM:12:05:17/01/2025