قائانی: جیهان شاهیدی گەورەترین شکستی سەربازی ئیسرائیلە

فەرماندەی گشتی فەیلەقی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت" ئاگربەستی غەززە گەورەترین شکستی ئیسرائیلە کە لەو پەڕی بێچارەیدا پەسەندیکرد". 

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی گشتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە لە وتارێکدا ڕایگەیاند" ئەمڕۆ تاوانبارانی ئیسرائیل ناچار بوون مەرجەکانی بەرەی خۆڕاگری قبوڵ بکەن کە هەمان ئەو مەرجانەن لە خولەکانی پێشووی دانوستانەکاندا خرایەڕوو". 

قائانی دەشڵێت" ئەم دانوستانانەی کە لە ماوەی سێ چوار ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجام دراون، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەو دانوستانانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دا کۆتایی هات و ئیسرائیل نەیتوانی بەدەستی بهێنێت". 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ناچار بوون هەمان ئەو مەرجانە قبوڵ بکەن کە بەرخۆدانی فەلەستین بۆ ئەم خولەی دانوستانەکان دایاننابوو و ئەمڕۆ ئیسرائیل گەورەترین شکستی خۆی لە مێژوودا تۆمارکرد و لەوپەڕی بێچارەییدا ناچاری پەسندکردنی ئاگربەست بوو". 

ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل فەرمانی وەستاندنی هێرشی لە کەرتی غەززە وەرگرتووە. 

ئەم ڕاگەیاندنە دوای ئەوە دێت کە نوسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە، تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی حەماس پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێنەکات، ڕێکەوتنەکە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەروەها لە سەرەتای جێبەجێکردنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، ١٣ هاوڵاتی فەلەستینی کوژراون و ٣٠ کەسی دیکەش لە بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا برینداربوون.



PM:06:50:19/01/2025