سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جەختی کردەوە" پێویسته سنوورێك بۆ شه‌ڕ له ئۆكرانیادا بنرێت"، هۆشداریشیدا" ئه‌گه‌ر ڕووسیا دەستبەجێ شەڕ رانەگرێت، سزای زیاتر و له‌سه‌ر ئاستی باڵای باج و پێناسه‌ی گومرگی ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و وڵاته"
چوارشه‌ممه، ٢٢ی كانوونی دووه‌م، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له په‌یامێكدا له پلاتفۆرمی "زە تروس" ڕایگه‌یاند، پێویسته سنوورێك بۆ شه‌ڕ له ئۆكرانیادا بنرێت. گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاتی شه‌ڕه‌كه هه‌ڵگیرسا سه‌رۆك بووایه، هه‌رگیز ڕێگه‌ی نه‌ده‌دا ڕوو بدات.
دۆناڵد تره‌مپ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر ڕووسیا ده‌ستبه‌جێ ململانێ و شه‌ڕی "گه‌مژانه"ـی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ڕانه‌گرێت، سزای زیاتری به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنێت. ڕوونیشی كرده‌وه، سزاكان له‌سه‌ر ئاستی باج و پێناسه‌ی گومرگی و بابه‌ت و پرسی دیكه‌دا ده‌بن.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیشی كرده‌وه، ئێسته كاتی هاتووه شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا ڕابگیرێت و چیتر قوربانی له‌م پێناوه‌دا نه‌درێت.
تره‌مپ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی ڕووسیا زۆر باشه.
ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا جەختی دەکردەوە لەوەی دوای دەستبەکاربوونی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر کۆتایی بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا دەهێنێت.