ناوەندی ڕاگەیاندنی پۆلیسی تاران دەستگیرکردنی دوو کچی گەنجی ڕاگەیاند کە ئەو دوو کچە لە ناو مۆنۆمێنتێکدا کە بە" شەهیدانی ونی کۆماری ئیسلامی ئێران" دەناسرێت سەما دەکەن.
پۆلیسی تاران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" دوو کچ دوای ئەوەی ڤیدیۆ کلیپێکیان تۆمارکرد کە بە جلوبەرگی نەشیاوەوە سەما دەکەن و پێچەوانەی داب و نەریت و شەریعەتی ئیسلامە دەستگیرکراون و رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون".
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی تاران، ئەم کلیپەی ئەو دوو کچە لە "مۆنۆمێنتی کوژراوانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق کە بە مۆنیومێنتی شەهیدانی ونی کۆماری ئیسلامی ئێران" ناسراوە تۆمارکراوە.
پۆلیسی تاران ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیجی ئینستاگرامی ئەو کچە گەنجە لە ئێستادا بلۆک کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا محەمەد جەواد زەریف جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند" وڵاتەکەی جێبەجێکردنی یاسای جلوبەرگی توندی ئیسلامی دوادەخات، بڕیارەکەش بە ڕەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و کەسانی دیکە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران جێبەجێکراوە".