ئەمڕۆ پێنج شەممە لە خان یونس لە باشووری غەززە بارمتەیەک بە ناوی (ئەربیل یەهود) لەلایەن جەماوەر و چەکدارە فەلەستینییەکانەوە ڕادەستی خاچی سوور کرایەوە و دوو بارمتەی دیکەش ئازادکران.
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ بڵاویکردەوە" لە خان یونس لە باشووری غەززە بارمتەیەک بە ناوی (ئەربێل یەهود) کە لەلایەن جەماوەر و چەکدارە فەلەستینییەکانەوە دەورە درا بوو ڕادەستی خاچی سوور کراوە".
ئازادکردنی بارمتەکان بەشێکە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە شەڕی کەرتی غەززەی ڕاگرت لە بەرامبەر ئازادکردنی دەیان بارمتە کە لە کەرتی غەززە ڕاگیراون و سەدان زیندانی فەلەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکرابوون.
پێشتریش سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندبوو" لیستی ئەو بارمتانەمان داوە بە نێوەندگیرییەکان کە بڕیارە ئەمڕۆ ئازاد بکرێن".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەربیل یەهودی تەمەن ٢٩ ساڵان و ئاگام بێرگەری ١٩ ساڵ و گادی موسای ٨٠ ساڵ ئازاد بکرێن.
هەروەها بڕیارە ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی (ئەربیل یەهود)، کار بۆ ئازادکردنی ٣٠ منداڵی خوار تەمەنی یاسایی و ژنی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل بکات.