ئەمریکا ٣٠ هەزار کۆچبەری نایاسایی دەگوازێتەوە بۆ گوانتانامۆ

سەرۆكی ئەمریكا، یاسایەكی واژۆكرد بۆ دەستبەسەركردنی ئەو كۆچبەرانەی گومانی تاوانیان لێ دەكرێت، ئیدارەی واشنتۆن لێكۆڵینەوە دەكات لە بەكارهێنانی گرتوخانەی گوانتانامۆ بۆ دەستبەركردنی كۆچبەران.

دۆناڵد ترەمپ، یاسایەكی واژۆكرد بۆ دەستبەسەركردنی ئەو كۆچبەرانەی گومانی تاوانیان لێ دەكرێت، هەروەک لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڵێنی دا بە بەرەنگاربونەوەی ئەو كۆچبەرانەی تۆمەتباری كردن بە ژەهراویكردنی وڵاتەكەی و ڕودانی تاوانكاریی.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: دەیەوێت گرتوخانەی گوانتانامۆ بکەن بە شوێنێک بۆ کۆچبەرانی نایاسایی و وتیشی"وەزارەتی بەرگریی و ئاسایشی ناوخۆ رادەسپێرێت بۆئەوەی ئامادەکاریی بکەن بۆ ئەوەی ٣٠ هەزار کۆچبەری نایاسایی بگوازنەوە بۆ گوانتانامۆ".

كریستی نویم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریكا، ڕایگەیاند: ئیدارەی واشنتۆن، لێكۆڵینە دەكات لە بەكارهێنانی گرتوخانەی گوانتانامۆ وەك دامەزراوەیەك بۆ دەستبەسەركردنی كۆچبەرانی نایاسایی و لە ئێستادا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و گفتوگۆكردنە.

گرتوخانەی گوانتانامۆ لە ساڵی ٢٠٠٢ لەناو بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا لەدورگەیەكی كوبا كرایەوە بۆ دەستبەسەركردنی ئەو كەسانەی بە تیرۆر تاوانباردەكران و خاوەنی ناوبانگێكی خراپە بەهۆی دۆخی سەختی گیراوان و ئەشكەنجەدانەوە.



PM:07:23:30/01/2025